دوا وته
دوا وانه
نووسینی: ئاڵفۆنس دۆده
وه‌رگێڕان: هادی ماجدی
ئه‌و ڕۆژه بۆ خوێندنگا دره‌نگ که‌وتبووم و ده‌ترسام مامۆستا لۆمه‌م بکات. به تایبه‌ت چوونکوو بڕیار بوو ڕێزمان بپرسێته‌وه و من ته‌نانه‌ت یه‌ک وشه‌یشم نه‌ده‌زانی.
به بیرمدا هات له به‌زم و باسی خوێندنگا گه‌ڕێم و ڕێگه‌ی ده‌شت بگرمه به‌ر. هه‌وا گه‌رم و دڵگر بوو و په‌له‌وه‌رانی بێشه‌ڵان ناره‌ناریان ده‌هات. هه‌مووی ئه‌مانه زۆر زیاتر له قووتابخانه و باسی ڕێزمان منیان سه‌رقاڵ ده‌کرد. به‌ڵام به‌رم به‌م خواسته گرت و خێرا درێژه‌م به ڕێگه‌ی قوتابخانه داوه.
کاتێک با لای ماڵ کوێخادا تێده‌په‌ڕیم، دیتم کۆمه‌ڵێک که‌س له‌وێ ڕاوه‌ستاون و ئاگادارنامه‌یه‌ک ده‌خوێننه‌وه که به دیواری ماڵ کوێخاوه چه‌سپێندرا بوو. دوو ساڵ بوو ئێره بوو بوو به ناوه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی نووچه‌ی خه‌م هێنه‌ر؛ هه‌ر بۆیه بێ گرنگی دان له به‌ر خۆمه‌وه وتم: (( ئاخۆ دیسان چیان له ژێر سه‌ردایه؟))؛ ئینجا به په‌له ملی ڕێگه‌ی خوێندنگام گرتۆ به‌روو و به په‌له خۆم گه‌یاند.
ئانی ئاسایی، له ده‌سپێکی وانه وتنه‌وه، قوتابیان ده‌نگ و هه‌رایه‌کیان بوو که زڵه‌یان ده‌ر و ده‌شتی ده‌گرته‌وه. به ده‌نگی به‌رز وانه‌که‌یان دووپات ده‌کرده‌وه و قاو و قولیان ده‌کرد و مامۆستایش به‌و داره‌ی که به‌رده‌وام به ده‌ستیه‌وه بوو ده‌یدا به سه‌ر کورسیه‌که‌دا و ده‌یکووت: (( بێده‌نگ بن!))
ئه‌و ڕۆژه‌ش به‌و خه‌یاڵه‌ی هه‌ل و مه‌رجه‌که هه‌ر ئاوا بێت، به ته‌ما بووم له جه‌نگه‌ی هه‌را و هوریای هاورێکانم، هێواش و به ئاسپایی بچمه ژووره‌وه و بێ وه‌ی که‌س ئاگادار بێت له جێگه‌ی خۆم دانیشم.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی من، ئه‌و ڕۆژه هێمنییه‌کی وا باڵی به سه‌ر خوێندنگادا کێشابوو وا هه‌ست ده‌کرا که‌سی لێ نییه.
له ده‌روه‌چه‌وه سه‌یری ژووره‌وه‌م کرد. هاوڕێکانم له جێگه‌ی خۆیان دانیشتبوون و مامۆستایش وێڕای هاوڕێی هه‌میشه‌یی خۆی، واته داره سام‌هێنه‌ره‌که‌ی، له ژووری وانه وتنه‌وه پیاسه‌یان ده‌کرد.
پێویست بوو ده‌رکه که‌مه‌وه و له نێوان ئه‌م بێده‌نگی و هێمنییه‌دا بچمه ژووره‌وه؛ دیاره که ئه‌م کاره تا چ ڕاده‌یه‌ک بۆم ئه‌سته‌م و ڕووشکێنه‌ر بوو. به‌ڵام چشم لێ کرد و چوومه ژووره‌وه.
مامۆستا بێ وه‌ی تووڕه و زویر بێت، به دلۆڤانیه‌وه نیگایه‌کی کردم و له سه‌ر خۆ و به خۆشیه‌وه وتی: ((خێرا که له شوێنی خۆت دانیشه، وه‌خته بوو بێ تۆ ده‌س پێ بکه‌ین.))
وه‌پاڵ کورسیه‌کاندا تێپه‌ڕیم و به‌په‌له له جێگه‌یی خۆم دانیشتم. کاتێک په‌رۆشی و دڵه‌ڕاوکێم دابه‌زین و مێشکم حه‌سایه‌وه، تازه زانیم مامۆستا جل و به‌رگه شڕه‌که‌ی جارانی له به‌ر دا نیه و ده‌ستێک جلکی تازه و تایبه‌ت که به‌س ڕۆژانی دابه‌شکردنی خه‌ڵات و ڕۆژانی سه‌ردانی بازڕه‌س له به‌ری‌دا دیبوومان، له به‌ر کردبوو. جیا له‌وه‌ش، سام و شکۆیه‌کی تایبه‌ت به کاتی فه‌ڕمی باڵی به سه‌ر ژووره‌که‌دا ڕاکێشابوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پتر له هه‌موویان بۆم جێگه‌ی سه‌رنج بوو، ئه‌مه بوو که له ئاخری که‌لاس و له سه‌ر ئه‌و کورسیانه‌ی که کاتی ئاسایی چۆڵ بوون، کۆمه‌ڵێک له پیاوانی ئاوایی دانێشتبوون. کوێخا، نامه‌به‌ر و چه‌ن که‌سێکی تر له‌وێ بوون و هه‌ر هه‌موویشیان داچه‌کاو و خه‌مبار ده‌یاننواند.
پیره پیاوێک، په‌ڕتووکێکی ئه‌لف و بێی کۆنی له سه‌ر ئه‌ژنۆی کردبوۆ و له‌و دیو چاویلکه ئه‌ستووره‌که‌یه‌وه سه‌یری ده‌کرد.
ئه‌و ده‌م که من واقم له دۆخه‌که وڕ مابوو، مامۆستا‌م دیت که له سه‌ر کورسیه‌که‌ی خۆی دانیشت و هه‌ر به‌و ده‌نگه به‌بڕشته‌ی که کاتی هاتنم له گه‌ڵم دوا بوو، وتی: ((ڕۆڵه‌کانم! ئه‌مه دوایین جاره که من وانه‌تان پێ ده‌ڵێم. داگیرکه‌ران بڕیاریان داوه له قوتابخانه‌کانی ناوچه‌که‌دا، زمانێک جیا له زمانی خۆیان نه‌وترێته‌وه. مامۆستای نوێتان بۆ دێت و ئه‌مه دوایین وانه‌ی زمانی نه‌ته‌وایه‌تیتانه که ئه‌وڕۆ ده‌یخوێنن؛ تکایه باش گوێم بۆ ڕاگرن.))
ئه‌م وتانه ورووژاندمی. بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌وه‌ی به دیواری ماڵ کوێخادا چه‌سپاندبوویان ئه‌مه بوو که " چیدی فێر کردنی زمانی نه‌ته‌وایه‌تی به منداڵانی ئاوایی بڤه‌یه".
ئه‌رێ؛ ئه‌مه دوا وانه‌ی زمانی نه‌ته‌وایه‌تیم بوو. ناچار بووم چیدی فێری نه‌بم و به‌ونه‌ی ده‌یزانم قه‌ناعه‌ت بکه‌م.
چه‌نده به داخه‌وه بووم بۆ هه‌مووی ئه‌و کاتانه‌ی ته‌مه‌نم که به جێگه‌ی هاتن بۆ فێرگه، له ده‌شت و ڕه‌هه‌ند و چیا و به گاڵته‌م تێپه‌ڕاندبوو. ئه‌و په‌ڕتووکانه‌ی جاران به وه‌ڕه‌زکه‌ر و ئه‌سته‌مم ده‌زانین، ئه‌و ڕێزمان و مێژوویه‌ی چاوم پیان هه‌ڵنه‌ده‌هات، ئێستا بوونه به هه‌ڤالانی دێرین و خۆشه‌ویستم که دابڕانم لیان شپرزه و شه‌مزاوم ده‌کات. بۆ مامۆستایش هه‌ر وا بیرم ده‌کرده‌وه. تێڕامانی ئه‌مه‌ی که ئه‌و به‌یانی به جێ‌مان دێڵێ و چیدی نایبینم، بیره‌وه‌ری ناخۆشی ته‌مێ کردن و لێدانه‌کانی به گشتی له مێشکم دا ده‌سڕییه‌وه. دیار بوو هۆی جله نوێکانی مامۆستا و دانیشتنی به ساڵاچووان و پیاوماقووڵانی ئاوایی له ئاخری ژووره‌که‌ش هه‌ر بۆ ئه‌م کاره‌ساته ده‌گه‌ڕایه‌وه. وه‌ک بڵێی به داخه‌وه بوون که پێشتر نه‌یانتوانی بوو جار و بار سه‌ردانی قوتابخانه بکه‌ن؛ هه‌روه‌ها پێده‌چێت هۆی به‌شداری وان لێره،ده‌سخۆشی و ماڵئاوایی له ماندووبوون به‌رده‌وام و به‌رپرسایه‌تی چل ساڵه‌ی مامۆستا له ،ئاوایی‌دا بێت.
نوقمی ئه‌م هزرانه بووم که تێگه‌یشتم ناوی منیان خوێندوه‌ته‌وه. ده‌بوو هه‌ستم و وڵامی پرسیاره‌کان ده‌مه‌وه. پێم خۆش بوو دار و نه‌دارم بده‌م بۆ وه‌ی بتوانم به ده‌نگێکی بوێر و وته‌یه‌کی ڕوون ئه‌و ڕێزمانه‌ی که به‌ڕاستی پێم ناخۆش بوو، له به‌ر بڵێم. به‌ڵام، زۆر به خێرایی وره‌م دابه‌زی و نه‌متوانی وڵامێک پێشکه‌ش که‌م و ته‌نانه‌ت نه‌شم وێرا سه‌ر هه‌ڵبرم و سه‌یری نێو چاوانی مامۆستا بکه‌م.
له‌م ناوه‌دا ده‌نگی ئه‌وم بیست که له سه‌ر خۆ و به ڤیانه‌وه وتی: ((ڕۆڵه، لۆمه‌ت ناکه‌م. تۆ خۆت ئه‌ونه‌ی پێویست بێت تێگه‌یشتوی و ده‌زانی چ ڕووی داوه. مرۆڤ به‌رده‌وام به خۆی ده‌ڵێت: ((کات ماوه، وانه فێر ده‌بم))، به‌ڵام ده‌بینیت که چ ڕووداوگه‌لێک دێنه پێش. مه‌خابن، کوڵۆڵی مه له‌وه‌دایه که به‌رده‌وام فێر بوون دوا ده‌خه‌ین. ئێستا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به زۆر به سه‌رماندا زاڵ بووگن، مافی خۆیانه لۆمه‌مان بکه‌ن و بڵێن: ((ئێوه چلۆن ده‌ڵێن نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازن، به‌ڵام ناتوانن به زمانی خۆتان بنووسن و بخوێنن؟))؛ له گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌شدا، ڕۆڵه، به‌س تۆ تاوانبار نیت. هه‌موومان شایانی لۆمه‌ین. دایکان و باوکانیش له پێگه‌یاندن و تێگه‌یاندی ئێوه، ئه‌ونه‌ی پێویست له خۆ بردوو نه‌بوونه و بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی زیاتر وایان به باش زانیوه ئێوه ڕه‌وانه‌ی شوێنی کار کردن بکه‌ن. چما؛ مه‌گه‌ر خۆیشم شایانی لۆمه نیم!؟ مه‌گه‌ر زۆر جار به جێگه‌ی وانه وتنه‌وه ئێوه‌م به ئاودێری باخه‌که‌مه‌وه خه‌ریک نه‌ده‌کرد و مه‌گه‌ر ئه‌و کاتانه‌ی وا هه‌وای ڕاو و سه‌یران له که‌له‌ی ده‌دام ئێوه‌م وێڵ نه‌ده‌کرد به دوای کاری خۆتانا بڕۆن؟))
پاشان ماۆستا له هه‌موو بواره‌کان قسه‌ی کرد و دوایی باسی به لای زمانی نه‌ته‌وایه‌تیدا کێشا و وتی: ((زمانی ئیمه له جومله‌ی شیرین‌ترین و پاراوترینی زمانه‌کانی جیهانه و ئێمه ده‌بێت ئه‌م زمانه له نێوان خۆماندا هه‌ر وا بپارێزین و هیچ کات له یادی نه‌که‌ین، چونکوو کاتێک دوژمن نه‌ته‌وه‌یه‌ک دیل ده‌کات و سه‌روه‌ری لێ ده‌ستێنێت، تا ئه‌و کاته‌ی زمانی خۆی بپارێزێت وه‌ک دیلێکه کلیلی به‌ندی خۆی پێ بێت.))
ئه‌و جار کتێبێکی هه‌ڵگرت و خۆی به خوێندنه‌وه‌ی وانه‌یه‌کی ڕێزمان خه‌ریک کرد. پێم سه‌یر بوو که ئاوا به ئاسانی ئه‌و وانه‌یه فێر بووم. هه‌ر شتێکی ده‌کووت زۆر هاسان ده‌هاته پێش چاوم. پێم وا بێت پێشتر هیچ کات ئاوا تامه‌زرۆیانه گوێم بۆ ڕێزمان ڕانه‌گرتبوو و ئه‌ویش یه‌که‌م جاره ئاوا له سه‌ر خۆ و به وردی وانه ده‌ڵێته‌وه. وه‌ک بڵێی ئه‌م پیاوه نازداره ده‌یهه‌وێت پێش له ماڵاوایی کردن و کۆتایی هێنان، هه‌مووی زانست و ناسیاری خۆیمان فێر بکات و سه‌رجه‌م زانیاریه‌کانی له مێشکی ئێمه‌دا خاڵی کاته‌وه.
پاش کۆتایی وانه وتنه‌وه، کاتی نووسین هات. مامۆستا سه‌رمه‌شقی نوێی بۆ دیاری کردین که به سه‌ریه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی "نیشتمان_زێدی باپیران_زمانی نه‌ته‌وایه‌تی" نووسرابوو. ئه‌م سه‌رمه‌شقه که به قه‌راخی کورسیه‌کانمانه‌وه هه‌ڵواسرابوو، وای ده‌نواند، وه‌ک بڵێی له چوار سووچی ژووره‌که‌دا ئاڵای نه‌ته‌وایه‌تیمانیان ده‌شه‌کانده‌وه.
به‌ر چاو نایێت که چلۆن سه‌رجه‌م قوتابیان لێ‌بڕاوانه سه‌رقاڵی نووسین بوون و تا چ ڕاده‌یه‌ک بێده‌نگی و کڕی باڵی به سه‌ر ژووره‌که‌دا ڕاکێشابوو. له‌و بێده‌نگیه‌دا، جیا له ده‌نگی هات و چووی پێنووس به سه‌ر لاپه‌ڕه‌کاندا، هیچی تر نه‌ده‌بیسرا. له سه‌ر بانی قوتابخانه چه‌ند کۆترێک هێواش ده‌یانخوێند و من له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گوێم لای ئه‌وان بوو، له به‌ر خۆمه‌وه بیرم ده‌کرده‌وه، ئاخۆ ئه‌مانیش ڕۆژێک ناچار ده‌بن به زمانێکی تر سروودی خۆیان بڵێنه‌وه!؟
جار و بار که سه‌رم له سه‌ر لاپه‌ڕه‌که به‌رز ده‌کرده‌وه، مامۆستا‌م ده‌دیت که بێ جووڵانه‌وه له جێگه‌ی خۆی ڕاوه‌ستاوه و به ڕوانینێکی زه‌ق و وڕ سه‌یری ده‌ور و به‌ری خۆی ده‌کات. وه‌ک بڵێی ده‌یویست وێنه‌ی هه‌موو شته‌کانی خوێندنگا که له ڕاستیدا ماڵ و ژووری حه‌سانه‌وه‌شی بوو، له دڵیدا هه‌ڵبگرێت.
بیری لێ که‌نه‌وه! ته‌واو چل ساڵ بوو ئه‌و له‌م حه‌وشه‌دا ژیا بوو و له‌م قوتابخانه‌دا وانه‌ی ده‌وته‌وه. ته‌نیا گۆڕانێک که له‌م ماوه‌یه‌دا پێش هاتبێت ئه‌مه بوو که مێز و کورسیه‌کان به تێپه‌ڕبوونی کات ڕه‌نگیان گۆڕا بوو و کڕووز بووبوون و ئه‌و نه‌مامانه‌ی که خۆی کاتی هاتنی بۆ ئێره چاندبووی، ئێستا بووبوون به داهایه‌کی باڵا به‌رز و به قوه‌ت. به ڕاست چ جه‌مێکی قورس و کاره‌ساتێکی گه‌وره بوو که ئێستا ده‌بێت هه‌موویان به جێ بێڵێت و بۆ هه‌میشه نه‌ک هه‌ر حه‌وشه‌ی قوتابخانه، به‌ڵکوو خاکی نیشتمان چۆڵ بکات.
له گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌دا، ئه‌و هێنده دڵ گه‌وره و له سه‌رخۆ بوو که تا دوایین کاتژمێر به‌رده‌وام مایه‌وه.
پاش نووسینی وانه‌کان، وانه‌ی مێژوومان خوێند. منداڵه‌کان به ده‌نگێکی به‌رز دووپاتیان ده‌کرده‌وه. له ئاخری ژووره‌که، یه‌ک له پیره پیاوانی ئاوایی که په‌ڕتووکه‌که‌ی له سه‌ر ئه‌ژنۆی ڕاگرتبوو و له‌و دیو چاویلکه ئه‌ستووره‌که‌یه‌وه سه‌یری ده‌کرد، له گه‌ڵ منداڵه‌کان هاوده‌نگ بووبوو و وانه‌که‌ی به ده‌نگێکی به‌رز دووپات ده‌کرده‌وه. ده‌نگی ئه‌و هێنده ئاوێته‌ی تامه‌زرۆیی و تاسه بوو که به بیستنی دۆخێکی سه‌یر به سه‌رماندا هات و پێمان خۆش بوو له جه‌نگه‌ی پێکه‌نیندا، بگریه‌ین.
په‌کوو! بیره‌وه‌ری دوایین ڕۆژی وانه وتنه‌وه به‌رده‌وام له دڵمدا ده‌مێنێته‌وه.
له مانه‌دا بوو، کات دوایی پێ هات و نیوه‌ڕۆ گه‌یشت. هه‌ر له‌م کاته‌دا ده‌نگی که‌ڕه‌نای سه‌ربازانی بیانی که له وانه و خۆ ئاماده کردن ده‌گه‌ڕانه‌وه له کووچه‌دا ده‌نگی دایه‌وه.
مامۆستا به ئاڵۆزیه‌وه له شوێنی خۆی هه‌ستا. یه‌که‌م جار بوو ئه‌و له‌ر به‌ر چاوم هێنده به‌شکۆ و پایه‌به‌رز ده‌ینواند.
وتی: ((هه‌ڤالان، ڕۆڵه‌کان، ئه‌ز... ئه‌ز...))
به‌ڵام په‌ژاره و ئۆناق ده‌نگی له قورگی‌دا قه‌تیس کرد. نه‌یتوانی وته‌که‌ی دوایی پێ بێنێت. ئینجا ڕوی وه‌رگه‌ڕان و له‌تێک گه‌چی هه‌ڵگرت و به‌و ده‌سته‌ی که به هۆی تاسه و زامه‌وه ده‌له‌رزا، له سه‌ر ته‌خته ڕه‌شه‌که به خه‌تێکی جوان نووسی: (( بژی نیشتمان! ))
ئینجا هه‌ر له‌وێ ڕاوه‌ستا؛ سه‌ری به دیواره‌که‌وه پاڵ دا و بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت به ده‌ستی ئاماژه‌ی پێمان کرد؛ "ته‌واو بوو. بڕۆن، خواتان له گه‌ڵ!"








کۆمێنته‌کان (0 کۆمێنته‌کانی پێشوو):
کۆمـینت بنوسه